ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، منداڵان زیاتر تووشی پەتای وەرزی دەبن. پزیشكێكی پسپۆر نیشانە و چارەسەرەکانی بۆ زاری کرمانجی خستەڕوو و گووتی، منداڵی توشبوو پێویستە تا ٢٤ دەمژمێر لە ماڵەوە بمێنێتەوە تا منداڵانی تریش تووشی نەبن.
دکتۆر حەمرین مینە، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند، ئەو پەتا وەرزیە بەشێک لە منداڵان و گەورەكانیش دەگرێتەوە، یەکێک لە نیشانەکانی کۆکەیە و دەنگی کۆکەش، جیاوازە لە کۆکەی ئاسایی. نیشانەکانی تریشی بریتین لە تا، ئاوی لووت، بێ تاقەتی. دەنگی کۆکە نیشانەیەکی زەقی پەتاکەیە، چونکە گەورە ساڵان ئەو کۆکەیە ناگرن. ناوبراو دەشڵێت، پێویستە منداڵی توشبوو لە ماڵەوە بمێنێتەوە چونکە ڤایرۆسەکە گوازراوەیە و ئەگەر منداڵی توشبوو لە قوتابخانە بێت ئەگەری هەیە منداڵانی تریش تووش بکات.
دکتۆر حەمرین چارەسەرەکانی بۆ زاری کرمانجی خستەڕوو و دەڵێت، بەپێی حاڵەتان چارەسەرەکە دەگۆڕدرێت. ئەگەر حاڵەتەکە سەرەتایی بێت لەماڵەوە هەڵم بەکار بێنێت، لە ڕێی شوشتنی دەستەکانی پاک و خاوێنی بپارێزێت، لە دوکەڵی جگەرە و یاری منداڵان دوور بکەوێتەوە. ئەگەر حاڵەتەکەش سەخت بوو، پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن بۆ ماوەیەك و چارەسەری پێویستی پزیشكی وەربگرن.

































































