سەردار قازی ـ رواندز:
بەمەبەستی برەودان بە ئاستی ناوبژیوانی تۆپی پێ و دروست بوونی نەوەیەكی نوێ لە ناوبژیوانان و لە درێژەی چالاكییەكانی دا لقی هەولێری، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە ماوەی دوو ڕۆژدا خولی ناوبژیوانی تۆپی پێی بەڕێوە برد.
خولەكە ماوەی چوار رۆژی خایاند، سێ رۆژ وانەكان بەشێوەی تیۆری بوون و بۆماوەی رۆژێك ـیش بەپراكتیكی هاتە ئەنجامدان.
لەم خولەدا زێتر لە 60 فێرخواز لەسنووری پارێزگای هەولێر، بەئامانجی دەوڵەمەندكردنی ئەزموونی كاری ناوبژیوانیان بەشداربوون.
لەم ژمارەیە 4 فێرخوازی رواندز بەنوێنەرایەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەنێو خولەكە بوون، و بەئەنجامی باش بڕوانامەیان دەستەبەركرد.
سرووشت ساڵح، ساڵانێكە كاری ناوبژیوانی دەكات، یەكێك بووە لەبەشداربووەكانی ئەم خولە. ئەو باسی سەرەتای هاتنە نێو دونیای ناوبژیوانی دەكات و دەڵێت: “لە رواندز ژینگەیەكی لە بار رەخساوە، بۆ هەر كەسێك كە بەهرە و حەزی بە كارەكە هەبێت، چونكە دەستەی ناوبژیوانان هەیە لێرە خەڵك یارمەتیدەرە بۆ ئارەزومەندانی بوارەكە.
سەرەتای كاركردنم لە یارییەكانی تیپە میللیەكان دەستمان پێكرد تا وایلێهات بتوانین خولی ناوخۆیی و دواتر خولە دەرەوەی رواندز كاری ناوبژیوانی بكەین لەسەر داواكاری لیژنەكانی دەرەوەی شارەكە.”
سرووشت، درێژەی پێدەدات: “توانای خۆمان لەو پیشەیە دۆزیەوە و وە كرانەوەی خولی ناوبژیوانی، كە لقی هەولێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پێی هەڵسابوو، درگایەكی گەورەتری بەڕووی ئێمەدا كردەوە، بووە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ پێشڤەچوونی تواناكانمان.”
لەپەراوێزی ئاخاوتنەكانی نیشانی ئەوەش دەكات: “دەرچووی زانكۆی سۆران بەشی وەرزشم، هەر ئارەزوومەندێكی ئەو بەشە كە وەرئەگیرێ خەولیای یەكەك لە پایەكانی بوارەكە دەبێت، جا ئەنجامدانی یارییەك بێت، یان ببێتە ناوبژیوان، یان بواری راهێنەری تاقیدەكاتەوە. منیش وەك حەزێكی لەمێژینە پێگەی ناوبژیوانی یاریی تۆپی پێم هەڵبژارد.”
ئەو ناوبژیوانە لاوە ئاماژە بە نمرەی هەڵسەنگاندنەكەی لەخولەكە دەكات: “هەڵسەنگاندنی تیۆریم 100لەسەر 100 بوو، وە لە هەڵسەنگاندنە پڕاكتیكیەكەش بە نمرەی زۆر باش دەربچووم، ئەوەش وایكرد سەرنجی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق – لقی هەولێر، رابكێشین و دوای خولەكە داوایانكرد بەشداربین لەبەڕێوەبردنی پاڵەوانێتی دۆستانەی یانە پلە یەكەكانی سنووری هەولێر.”
سرووشت ساڵح، ئەوەشی خستە روو: “ئەمساڵ یارییەكانی خولی پلە دووەكانی كوردستان، خولی نایابی لاوان و خولی نایابی تازەپێگەیشتوان بەڕێوە دەبەین.”
خەزایی حەمەد، ناسراو بە (تەنیا) یەكێكی دیكەیە لەبەشداربووان، لەبارەی ژیانی وەرزشی خۆی دەڵێت: “لە ساڵی 2016 لە دەستەی ناوبژیوانانی رواندز، دەستم بە كاری ناوبژیوانی كردوە هاوكات بەهۆی نەبوونی ناوبژیوانی ئەم دەڤەرە لەفیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، خولیای كاری ناوبژیوانیم بۆ دروستبوو، ئەمەش زیاتر هۆكار بوو بۆ درێژەدان لەخوێندن لەبەشی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سۆران، هاوكات ئەمساڵ لە رێگەی چەند هاوڕێیەك ئاگادار كرامەوە، كە خولێكی ناوبژیوانی پلە سێی عێراق كراوەتە، جێگەی دڵخۆشی بوو كە ئێمە دوو كوڕ و دوو كچ وەك نوێنەری شاری رواندز، لەپاڵ كچێكی تر لە سۆران نوێنەرایەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان دەكرد توانیمان بە پلەیەكی باش و لە ئاست خواستی خۆمان تەواو بكەین.”
تەنیا ئاماژە بۆ ئەوەشدەدات: “بڕیار وایە ئەمساڵ لە خولی پلە دووەكانی كوردستان و خولی پلە سێی عێراق بەشداریمان پێ بكەن هەرچەندە لە خولی دۆستانەی فیدراسیۆنی تۆپی عێراق لقی هەولێر وەك ناوبژیوانی ناوەڕاست ئامادە بووم، كە بۆ یانە پلە یەكەكان رێكخرا بوو.”
هەرچوار نوێنەرەكەی قەزای رواندز، بەپلەی نایاب لەخولەكە دەرچوون، لەنێوەندەشدا بۆیەكەمینجار لەمێژوودا دوو خانمە وەرزشكاری دەڤەرەكە، لەنێو بەشداربووان دابوون.
پەرژان عەلی، یەكێكە لەو خانمانەی پشكداربوو لەخولەكە و گرنگییەكەی دەخاتروو: “لە تەواوی ساڵەكانی كاركردنم لەنێو ژینگەی وەرزش تائێستا لە دەڤەرەكەمان ناوبژیوانی خانم نەبووە، چەندین جار لە ناوەندەكانی خوێندندا بەشداریم كردوە وەكو ناوبژیوان، كاتێك خولی ناوبژیوانی كرایەوە كە لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ـ لقی هەولێر رێكخرابوو، توانیم بەشداربم لەم خولەدا. خۆشبەختانە هەڵسەنگاندنی تیۆری و پراكتیكی ـم بەئاستێكی نایاب تێپەڕاند، پەنا بەخوا لە داهاتوێكی نزیك خزمەت بە دەڤەرەكەمان ئەكەین وەكو خانمەناوبژیوان.”
خانمێكی دیكەی بەشداربوو رێژین فەیزاد ـە، كە جێپەنجەی لەنێو بوارەكەدا بەروونی دیارە، هاوكار بووە بۆ زیندوو هێشتنەوەی جوڵەی وەرزشی، ئەو لەمەڕ ئەو خولە گووتی: “رواندز، ژینگەیەكی لە بارە بۆ هەر كەسێك كە بەهرە و حەزی بە بوارەكە هەبێت. سەرەتای دەست پێكردنم لە خولەكانی پەروەردە بوو كە یاریەكانی تۆپی فوتسال و تۆپی بالە بەرێوەچوون یاخود لە ناو قوتابخانەكان خولمان بەرێوەن دەبرد، هێندێ جاریش یاریی دۆستانەم بەڕێوەدەبرد، ئیدی
توانای خۆمان لەو پیشەیە دۆزیەوە. كردنەوەی خولی ناوبژیوانی، لەلایەن فیدارسیۆنی تۆپی پێی عێراق ـ لقی هەولێر، بەشداربووم لە هەڵسەنگاندنی تیۆری 98 لەسەر 100 ـم هێنا، وە لە هەڵسەنگاندنە پڕاكتیكیەكەش بە نمرەی زۆر باش دەرچووم، ئەمەش بووە جێی سەرنجی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق.”
ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئەو چوار ناوبژیوانە بوو، بەرپرسانی حكومی و حیزبی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هیچ پاڵپشتی و پێزانینێكیان بۆیان نەبووە.