نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا و خاوەن بڕوانامە لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
بەکارهێنانی زێرووی پزیشکی (Leech therapy) یان ئەوەی لە زانستدا بە (Hirudotherapy) ناسراوە، گەڕانەوەی زانست بۆ سروشت، زێرووی پزیشکی مێژوویەکی کۆنی هەیە و لەم ساڵانەی دواییدا لە جیهانی جوانکاری و چارەسەری پێستدا بە شێوازێکی مۆدێرن بەکاردێت ئەم چارەسەرە بەهۆی دەردانی ئەنزیمە سوودبەخشەکان، یارمەتی نوێبوونەوەی خانەکان و گەشانەوەی پێست دەدات و وەک چارەسەر و جێگرەوەیەکی سروشتی بەکاردێت و سودی لێوەردەگیرێت.
سوودە زانستیەکانی زێرووی پزیشکی بۆ چارەسەری پێستی ڕوخسار :
١_ چارەسەرە بۆ نەمانی زیپکە و ڕێگریکردن لەسەرهەڵدان و دووبارە دروست بوونەوەی زیپکە لەپێستی ڕوخساردا، زێرووی پزیشکی لە کاتی گازگرتندا ماددەیەک بە ناوی Hirudin و چەندین ئەنزیمی دژە هەوکردن (Anti-inflammatory) دەڕژێنێتە ناو خوێن، بەمەش کاریگەری ئەم ئەنزیمانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی سووربوونەوە و ئاوسانی زیپکەکان، هەروەها تایبەتمەندی دژە بەکتریایان هەیە کە یارمەتی لەناوبردنی ئەو بەکتریانە دەدەن وەک( P. acnes) کە دەبنە هۆی دروستبوونی زیپکە.
٢_ بەسودە بۆ چەوری پێست لەڕوخساردا، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پێستی چەور، گیرانی کونیەلەکانی پێست و کۆبوونەوەی چەورییە(Sebum). کاریگەری زێرووی پزیشکی یارمەتی باشترکردنی سوڕی خوێن لەو ناوچانە دەدات. کاتێک سوڕی خوێن چالاک دەبێت، پرۆسەی پاکبوونەوەی کونیەلەکان خێراتر دەبێت و هاوسەنگییەک لە دەردانی چەوری پێستدا دروست دەبێت، ئەمەش وا دەکات پێستەکە کەمتر بریقە بداتەوە و کەمتر ئامادە بێت بۆ زیپکە.
٣_ بەسودە بۆ لەکە، پەڵە و ئاسەواری زیپکە لەپێستی ڕوخساردا،
ئەمە یەکێکە لە گرنگترین سوودە زانستییەکانی زێرووی پزیشکی کاتێک زێروو خوێن دەمژێت، ماددەیەکی وەک ئەسپرین دەڕژێنێت کە خوێن شل دەکاتەوە و موولوولەکان فراوان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی نوێبوونەوەی خانەکان بەهۆی زیادبوونی لێشاوی خوێن بۆ دەم وچاو، ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی زیاتر دەگاتە خانەکان. ئەمەش یارمەتی خانەکان دەدات زووتر خۆیان نوێ بکەنەوە (Cell turnover)، کاڵکردنەوە بە تێپەڕبوونی کات، ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی پەڵە تۆخەکان و ئەو پەڵانەی بەهۆی زیپکەوە جێماون (PIH) هەروەها یارمەتی ڕێکخستنەوەی کۆلاجینی پێست دەدات کە چاڵ و ئاسەوارە قووڵەکان کەمتر دەکاتەوە.
٤_ بەسود و چارەسەرە بۆ گەشانەوە و تەندروستی گشتی پێست
بەکارهێنانی زێرووی پزیشکی لە ڕێگەی دەردانی پتر لە ٧٠ جۆر ئەنزیمی بایۆلۆژییەوە، کاردەکات بۆ باشترکردنی Microcirculation (سوڕی خوێن) و هاندانی نوێبوونەوەی خانەکان، ئەم پرۆسەیە نەک تەنها ژەهرەکان لە شانەکان دوور دەخاتەوە، بەڵکو بەهۆی زیادکردنی ئۆکسجین و کەمکردنەوەی هەوکردن، وەک Natural Face Lift کاردەکات و پێست گەنج و گەشاوە دەکاتەوە.”
تێبینی : چارەخوازی بەرێز، بۆ ئەوەی زۆرترین سوود وەربگریت و تووشی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبیت
پێویستە زێرووەکە لەجۆری زێرووی پزیشکی بێت نابێت ئەو زێرووانە بن کە لە ئاوی وەستاو و پیسدا دەژین، چونکە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی، پێویستە لەژێر چاودێری کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بێت بۆ ئەوەی دوای لێکردنەوەی زێرووەکە ڕێگری لە خوێنبەربوونی زۆر یان هەوکردنی شوێنەکە بکرێت.

































































