وەرزش ـ زاری كرمانجی:
یارییەكانی جامی جیهانی قەتەر، بەردەوامیان هەیە، دوێنێ شەممە ئوسترالیا لە تونس ـی بردەوە، پۆڵەندا 2-0 شكستی بەسعوودییە هێنا، كەڵەشێرەكانی فەڕەنسا شكستیان بە دانیمارك هێنا، 2-1 بردیانەوە هەردوو گۆڵەكەش مباپێ تۆماریكردن. لەدوا یارییشدا مێسی و هاوڕێكانی هیوای ملیۆنان ئارجێنتینیان گەڕاندەوە و بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە مەكسیكیان بردەوە.
یارییەكانی گەڕی دووەم بەردەوامیان دەبێت، ئەمڕۆ كاتژمێر 1 ـی دوانیوەڕۆ لەسەر یاریگەی ئەحمەد بن عەلی، ژاپۆن رووبەرووی كۆستاریكای بریندار دەبێتەوە.
یاریی رابردوو ژاپۆن لە ئەڵمانیای بردۆتەوە، و كۆستاریكا 7-0 بە ئیسپانیا دۆڕاوە، بۆیە ناڤاس و هاوڕێكانی شەڕی بردنەوەی سێ خاڵی یارییەكە دەكەن.
كاتژمێر 4 لەسەر یاریگەی ئەلسومامە، مەغریب بە ئامانجی نووسینەوەی مێژوو رووبەڕووی بەلجیكا دەبێتەوە.
كاتژمێر 7 ـی ئێوارەش یاریگەی خەلیفە دەبێتە شانۆی یارییەكی قوورس لەنێوان كڕواتیا و كەنەدا. یاریی رابردوو كڕواتیا كەوتە داوی یەكسانبوونی مەغریب، و كەنەدا بەرانبەر بەلجیكا تاڵاوی یەكەم شكستی كرد.
دوا یاریی ئەمڕۆ كە كاژمێر 10 بەڕێوەدەچێت گرنگترینە، و زۆرترین هاندەر لەسەرانسەری جیهان، لەچاوەڕوانی ئەم یارییەدان.
یاریگەی ئەلبەیت، كە یاریگەی یاریی كردنەوە بوو، دەبێتە ستەیجی جەنگی نێوان ئەڵمانیای بریندار و ئیسپانیای درەوشاوە.
ئەڵمانیا، یاریی رابردوو بەشێوەی چاوەڕواننەكراو تووشی شكست بوو، هەمووان ئومێد گرن بەوەی ئەم یارییە قەرەبوو بكەنەوە، لەبەرانبەردا ئیسپانیا خۆی مەڵاسداوە هەمان سیناریۆی یاریی ژاپۆن، بەسەر مانشافت دووپاتبكاتەوە.