زاری کرمانجی :
بڕیارە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، سەرۆک ئەرکانی سوپا و فەرماندە باڵا سەربازییەکان ساز بکات.
تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی ئاستەنگە ئەمنییەکان و هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەباشی هێزەکان لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر پەرەسەندنە سەربازییە خێراکانی ناوخۆی سووریا و بوونی مەترسی دزەکردنی چەکدارانی توندڕەو لەو زیندانانەی دەکەونە ناوچە سنوورییەکانەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئامادەکارییانەدا، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دڵنیایی دەدات و ڕایگەیاندووە؛ ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر و سنوورەکان بە پەرژینی کۆنکرێتی، خەندەق و 960 کامێرای گەرمی و بورجی چاودێری کۆنترۆڵ کراون، بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردن بۆ ناو خاکی عێراق.


































































