ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشتبەستن بە زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەردەی لەسەر جموجۆڵێکی نوێی دیپلۆماسی و هەڕەشەئامێز هەڵماڵیوە؛ بەپێی ڕاپۆرتەکە جۆشو هاریس، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە بەغدا، پەیامێکی ڕاشکاوی ئاراستەی هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی، عەمار حەکیم و هادی عامری کردووە. ناوەڕۆکی پەیامەکە تیشکێکی تایبەتی خستۆتە سەر دۆسیەی ئەو 58 ئەندام پەرلەمانەی کە ڕێگرییان لێکراوە لەوەی بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن.
لەم سۆنگەیەوە، ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی ترەمپ بە روونی هۆشداری داوە؛ ئەگەر بێت و میلیشیاکان و گروپە چەکدارەکان بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراقدا بکەن، ئەوا واشنتۆن تەواوی مامەڵەکانی لەگەڵ بەغدا ڕادەگرێت و پرۆسەی گواستنەوەی دۆلار بۆ عێراق وشک دەکات.
هەر لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییانەدا و بەپێی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە، قەیــس خەزعــەلی پەیامی ئامادەیی خۆی گەیاندۆتە لایەنی ئەمریکی، بەوەی کە ئامادەیە (فەیحان) لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دوور بخاتەوە، وەک هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ بۆ فشارخستنە سەر بەغدا و بەکارهێنانی کارتی “ڕاگرتنی دۆلار” لە ئەگەری بەشداری میلیـ*ـشیاکان، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی ئەمریکا بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی ڤەنزوێلا، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی وزە و سیاسەتی سزادان.
زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئیدارەی ترەمپ تەنها بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەڕەشەی سزادانی ڕاستەوخۆی ئاراستەی سیاسەتمەدارە باڵاکانی عێراق کردووە، ئەگەر بێت و ڕێگە بە گروپە میلیـ*ـشیاکان بدەن لە حکومەتی داهاتوودا ڕۆڵیان هەبێت.
لە کۆتاییدا ڕۆیتەرز وێنەکە فراوانتر دەکات و دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران بە چاوێکی بایەخەوە لە عێراق دەڕوانێت و بەغدا بە بۆرییەکی هەناسەدان بۆ ئابوورییەکەی دەزانێت، بەو ئامانجەی لە ڕێگەی بانکەکانی بەغداوە خۆی لەو سزایانە بپارێزێت کە بەسەریدا سەپێنراون.

































































