بەهۆی بارانی بەخوڕ و هەرەسهێنانی زەوی لە هەرێمێکی ئیندۆنیزیا، دەیان هاووڵاتی بوونە قوربانی و تیمەکانی فریاگوزاریش هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان چڕ کردووەتەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی هەرەسهێنانی زەوی لە گوندێکی ناوچەی (باندۆنگ) لە هەرێمی ڕۆژئاوای جاڤا، 7 کەس گیانیان لەدەست داوە و 82 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
عەبدولموھاری، وتەبێژی ئاژانسی نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ڕاگەیاند: “ژمارەی بێسەروشوێنبووان بەرزە و ئەمڕۆ هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بۆ دۆزینەوەیان چڕ دەکەینەوە”.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ بارانی بەخوڕ. پێشتریش ئاژانسی کەشناسیی ئیندۆنیزیا هۆشداریی دابوو لە خراپیی کەشوهەوا و بارینی بارانی بەخوڕ بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی ڕۆژئاوای جاڤا.

































































