مەلامستەفا بارزانی پەیامێکی هاوسۆزی و پشتگیری ئاراستەی دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات و تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە خۆڕاگری خەڵک و کار و ماندووبوونی تیمە خزمەتگوزارییەکان لە کاتی بەفرباریندا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان دەخرێتە گەڕ.
دەقی پەیامی مەلامستەفا بارزانی:
سوپاس و شوکر بۆ خودای مەزن، ئەمسال بەهۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆر، ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورە ڕووی لە وولاتەکەمان کردووە و ئەمە بووەتە مایەی دلخۆشی و هیوا بۆ هەموو لایەك، بەلام لە هەمان کاتدا ئاگاداری مەعانات و ئەو بارودۆخە نالەبارەی ژیانی هاولاتیانین بە تایبەت دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان کە بە هۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری بەفر ڕووبەڕووی زۆر کێشە و ئالنگاری بوونەتەوە، بۆیە بە دەرفەت دەزانم لە ناخی دلمەوە سوپاسی خەلکی خۆڕاگر و خۆشەویستی سنووری شاری سۆران و تەواوی گوند و قەزاکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەم و دلنیایان دەکەمەوە کە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی و هەروەها بە ڕێنمایی ڕێزدار جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی هەولی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بە هاوکاری لەگەل هەڤالان و لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێم، ئەوەی لە دەستمان بێت بیکەین بۆ کەم کردنەوە و چارەسەری گرفت و کێشەکانتان.
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی تەواوی ستافی ئەو دامەزراوانە وەکو تیمەکانی ڕامالینی بەفر، ئاوەدانکردنەوە، شارەوانییەکان، تەندروستی و نەخۆشخانەکان، پەروەردە، هێزی پێشمەرگە و خەلکی خۆبەخش و هەموو ئەوانە دەکەم کە لەم ماوەیە بە بەردەوامی و بە شەو و ڕۆژ ڕۆلی خۆیان بینیوە و هاوکاری خەلکیان کردووە و داوادەکەم بەردەوام بن لە خزمەت کردنی خەلک و هەولی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە و بە هاوکاری یەکتر ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین.
لە کۆتاییدا هیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەموو لایەك دەخوازم وکوردستان هەر ئاوەدان بێت.
مەلامستەفا بارزانی
23ی کانوونی دووەمی 2026


































































