کارزان نووری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمپینێکی فراوان بۆ هاوکاریی خوشک و برایان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
کارزان نووی وردەکاریی هاوکارییەکان بەمشێوە خستە روو؛ لە کاروانی یەکەمدا 67 بارهەڵگر کە زیاتر لە 160 کارمەند و 710 تۆن خۆراک و پێداویستی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو.
گوتیشی: کۆی هاوکارییەکان تا ئێستا لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ، بە گشتیی 102 بارهەڵگر هاوکاریی گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان، کە زیاتر لە 850 تۆن خۆراک و کەلوپەلی ناخۆراکییە. باسی لەوەش کرد؛ ئەم کاروانە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پاڵپشتیی سەرمایەداران و خێرخوازان و هاوبەشانی دەزگاکە لە کوردستان دابینکراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد؛ جگە لە هاوکارییە مادییەکان، تیمێکی تایبەتی تەندروستیی گەیشتوونەتە ناوچەکە و لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا، پشکنین و چارەسەری پێویستیان بۆ 685 کەس ئەنجامداوە.
ئەم هەڵمەتە وەک بەشێک لە ئەرکی مرۆیی و نەتەوەیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە کاتە سەختەکاندا.

































































