زاری كرمانجی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە رۆما، لەگەڵ گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ” کۆبوونەوەکەمان، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. بێگومان، جەنابی وەزیر دۆستێکی زۆر بەڕێز و نزیکی گەلی کوردستانە، باسی رۆژئاوای کوردستان و هەموو بابەتەکانمان کرد. زۆر تێگەیشتوون، بە هەموو لایەک هەوڵ دەدەین کە شەڕ نەبێت و بوەستێت و، خەڵکی کوردستان تووشی ئێش و ئازار و دەستدرێژی نەبێت.”
سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە “بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین.”
سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد “لەگەڵ هەموو لایەک لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و هیوامان وایە؛ بەڵام هەموو ئەگەرەکانیش کراوەن و دەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێک ئامادە بکەین.”































































