وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕەزامەندیدراوە لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو تیرۆریستانەی لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دان.
سەباح نوعمان، ڕایگەیاند” پرۆسەی وەرگرتنەوەی ئەم چەکدارانە بە هاوکاری و هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەنجام دەدرێت.”
بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕەگەزنامەی عێراقی یان هەر ڕەگەزنامەیەکی تریان هەبێت بەو مەرجەی پێشتر لە ناو خاکی سوریا دەستگیرکرابن و لە ئێستاشدا بۆ لێپرسینەوە و دادگایی کردن دەگوازرێنەوە بۆ ناو دامەزراوە چاکسازییە حکومییەکانی ناوخۆی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆسەیەدا کاروانێکی پێکهاتوو لە ١٥٠ تیرۆریستی عێراقی و بیانی وەرگیراونەتەوە کە سەرجەمیان تێوەگلاون لە تاوانەکانی کوشتنی خەڵکی عێراق و ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی عێراق دەبینرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سەرکردە و ئەندامە مەترسیدارانەی کە ئەگەری هەڵاتن یان بڵاوبوونەوەیان لێ دەکرێت لە ناوچەکەدا.

































































