” مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە “
ئیڤان جانێ
ئەمڕۆ لە دوێنی دەچێت” ئەمە تەنیا دەستەواژەیەک نییە، بەڵکو وەسفێکی وردە بۆ نەخشێکی مێژوویی، کە دووبارە دەبێتەوە؛ کاتێک دەوڵەتەکان شکست دەهێنن لە پاراستنی فرەچەشنی خۆیان، هەروەها کاتێک چەمکی “یەکێتی نەتەوەیی” دەبێتە بیانوویەک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی دژی گروپە دیاریکراوەکان.
ئەمڕۆ گۆڕەپانی سوریا شەڕێکی سەختی نێوان سوپای عەرەبی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وکورد بە گشتی بەخۆیەوە دەبینێت. دیمەنێکە، کە یەکێک لە خوێناویترین بابەتەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق وەبیردەهێنێتەوە: کۆمەڵکوژی سێمێلێی ئاشوورییەکان لە ساڵی ١٩٣٣، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک و دەوروبەرەکەی. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە نەوەد و سێ ساڵیش، بەڵام فەلسەفەی پێکهاتەی گشتی کارەساتەکە نزیکە لەیەکتر و بگرە وەک یەکە لە: دەسەڵاتێکی ناوەندی، گوتاری کۆکردنەوەو ودژایەتی، وروژاندنی شەقام، پروپاگەندەی میدیایی، وازهێنانی هاوپەیمانان و بێدەنگی نێودەوڵەتی.
لەو قۆناغەدا، سوپای شاهانەی عێراق بە پێکهاتە تائیفییە هەمەچەشنەکەیەوە، لە ژێر ئاڵای جیهاد و پاراستنی یەکڕیزی دەوڵەت و بنبڕکردنی هەڕەشەی دەرەکی، کە لە ژێر کاریگەری گوتاری توندڕەوی ئایینی وسیاسی بوون، یەکگرت چوونە سەر گوندە ئاشوورییەکان. بەگوێرەی گێڕانەوەی مێژوویی و ڕاپۆرتە هاوچەرخەکانیش بێت، ئەمە یەکەم کۆمەڵکوژییە لە مێژووی دەوڵەتی مۆدێرنی عێراقدا، کە پێکدادانێکی نایەکسانی بەدوای خۆیدا هێناوە و بۆتە هۆی کوشتنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی هەر لە کۆرپە، ژنانی دووگیان، بەساڵاچووان…هتد.
ئەم ڕووداوەش لەوکاتە بوو، کە ساڵێک تێپەرنەببوو بەسەر ئەوەی، کە عێراق پەیوەست بوونی خۆی بە کۆمەڵەی گەلان؛ لەدوای کۆتایی هاتنی ئینتیدابی بەریتانیا، پێشکەش بە جیهان کردبوو و لەسەر بنەمای بەڵێنی فەرمی بۆ پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینەکاندا ڕێکەوتبوو.. بەڵام ئەم بەڵێنانە بە خێرایی لەنێوچوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەریتانیا پشتی لە ئاشوورییەکان کردوو و پاراستنی نێودەوڵەتی خۆی کشاندەوە، کە ئەمە بە یەکێک لە ڕوونترین و زەقترین نموونەکانی خیانەتی هاوپەیمانان لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا دادەندرێت.
کۆمەڵکوژی سێمێلێ، ڕووداوێکی لە بۆشاییەوە نەبوو.. بەڵکو بە گوێرەی زۆرێک لە توێژەران، تۆوی سەرەتایی ئایدیۆلۆژیای سیاسی-سەربازی پێکهێنا ،کە دواتر ڕێگای بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی زیادەڕۆیی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی خۆشکرد. ئەم ئایدیۆلۆژیایە، دواتر خۆی لە کارەساتە گەورەکاندا بینی، کە عێراق شاهیدی بوو، وەک ئەنفال و هەڵەبجە وسەرکوتکردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان…هتد ،کە بەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا هاتوون.
کاتێک بەراوردێکی مێژوویی لە نێوان ئەوەی بەسەر ئاشوورییەکاندا هات لە سێمێلێ و ئەوەی کورد ئەمڕۆ لە سوریادا بەسەری دەهێندرێت، لێکچوونێکی سەرنجڕاکێش هەیە هەر لە دەرکردنی فەرمانە ئاینییەکان، کە تێیدا شەرعیەت بە شەڕەکە دەدەن، هەڵوێستە فەرمییەکان، کە توندوتیژی لە گوتارێکی سەروەریدا داپۆشیوە، گۆڕینی وەفاداری خێڵەکییەکان و بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی گوماناوی، لەگەڵ وازهێنانێکی ڕوون لە هەموو ئەو لایەنانەی، کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان بینی لە گۆڕینی هاوسەنگی هێزدا، وەک چۆن کورد لە شەڕی داعشدا ئەو ڕۆڵەی گێڕا.. بەڵام جیاوازیەکەی لەوەدایە، کە ڕووداوی سوریا ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە میدیای مۆدێرن، سەرەڕای سنوورداربوونی، بەڵام لایەنەک لە لایەنەکانی ئازارەکانی ئەمڕۆی کورد بەڵگە دەکات، لە کاتێکدا کۆمەڵکوژی سێمێلێ لە کەشێکی تەواو دوور لە چاوی میدیادا ڕوویدا. جگە لەمەش، پێکهاتەی کورد لە سوریا بلۆکێکی دانیشتوانی تاڕادەیەک زۆر پێکدەهێنن، بە پێچەوانەی ئاشوورییەکانی ئەو سەردەمەی عێراق ،کە ژمارەیان کەمتر بوو، بەمەش پرۆسەی شکاندنی دەسەڵاتیان و هەڵوەشاندنەوەی بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتییان ئاسانتر بوو. دەکرێت فاکتەری ناسنامەی ئاینیشی بۆ زیاد بکرێت؛ کورد وەک نەتەوەیەکی موسڵمان بۆ یەکگرتن لەڕووی ئاینەوە باشتر و قبووڵکراوترە.. لەبەرامبەردا ئاشوورییەکان، بە شوناسە مەسیحییە جیاوازەکەیانەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان تووشی ڕەتکردنەوەی شوناسەکەی بۆتەوە لە دەوڵەت و کۆمەڵگادا.
دواجار.. دووبارەبوونەوەی ئەم نەخشە هزریە مێژووییە پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە، کە کێشەکە پەیوەست بە تاکێک یان مرۆڤێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو لە مۆدێلی سیاسی دەوڵەتدایە، کە لە بەڕێوەبردنی فرەچەشنییدا شکستی هێناوە.. چونکە هەرکاتێک بەڵێنەکانی تاقیدەکرێنەوە، پەنا بۆ توندوتیژی دەبات، بۆیە تاوەکو بە ڕیشەیی بە چەمکەکانی هاووڵاتیبوون و شوناس و پاراستنی کەمینەکان نەچنەوە، دەرگای کۆمەڵکوژییەکی نوێی سێمێلێ هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.


































































