مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پەرلەمانتارێكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە وتارێكی دا لە نێو پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند “دەوڵەتی سووریا لە ڕێگەی وتاری هەینی مزگەوتەكانەوە، سوورەتی ئەنفالی بۆ كوشتنی كورد بەكارهێناوە و هێرشەكانی سەر كورد بە فتوحات ناوبردووە،”
ئینان ئاكگیون ئاڵپ، پەرلەمانتاری (جەهەپە) لە دانیشتنی شەوی ڕابردووی پەرلەمانی توركیا، وتارێكی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای سووریا پێشكەش كرد و ڕاگەیاند “سوورەتی ئەنفال بۆ كوشتنی كورد بەكار دەهێنرێت.”
پەرلەمانتارەكەی جەهەپە نیگەرانی خۆی نیشاندا و هەروەها ئەو وتارەی كە لە لایەن سەرۆكایەتی كاروباری سووریا بۆ مزگەوتەكان نێردراوە بەرز كردەوە و گووتی “سەرۆكایەتیی كاروباری سووریا ئەم گوتارەی بۆ مزگەوتەكان ناردووە كە ئەمە نیگەرانییەكانی زیاتر كردووین. گوتارەكە بە ئایەتی نۆیەمی سوورەتی ئەنفال دەست پێ دەكات و هێرشەكانی سەر كورد بە فتوحات ناو دەبات.”
دەشڵێت “دەوڵەتی سووریا، ئەگەر لەكاتی كوژرانی كورد دا ئاماژە بە سوورەتی ئەنفال بكات، ئەمە بە هونەری سیاسەت ناژمێررێت، بەڵكوو بانگەوازی كۆمەڵكوژییە، چونكە هێشتا بیرمان نەچووە كە چۆن سەددام حوسێن لەكاتی كوشتنی كوردەكاندا ئاماژەی بە سوورەتی ئەنفال دەدا. ئەگەر ئەمە لە لایەن سەرۆكایەتیی كاروباری ئایینیی سووریا وەكوو بانگەوازی فتوحات، تەكبیر و بانگەوازی جیهاد دووبارە بكرێتەوە، نیشانمان دەدا كە مەبەست لە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر باكووری سووریا چییە.”

































































