مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سیناتۆرێكی ئەمریكی دوای پەیوەندیكردنی بە فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕاگەیاند كە حكومەتی سووریا ڕێككەوتنی ئاگربەستی پێشێل كردووە و دەشڵێت “پاراستنی سەقامگیری لە سووریا بۆ ئاسایشی هەموو ناوچەكە گرنگە.”
كریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری ئەمریكی، ماوەیەك بەر لە ئێستا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێ “لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە قسەم كرد؛ ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە حكومەتی سووریا ئاگربەستەكەی پێشێل كردووە، بەتایبەتی لە كۆبانێ.”
كریس لە ڕاگەیاندراوەكەی دا داوا لە واشنتن دەكات گوشار بخاتە سەر دیمەشق تا هێرشەكانی بۆ سەر ناوچە كوردییەكان ڕابگرێت و جەخت لەوەش دەكاتەوە كە دەبێت هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە، پێش ئەوەی وادەی ئاگربەستە 4 ڕۆژییەكە كۆتایی بێت.
ئەو سیناتۆرە ئەمەریكییە جەخت لەوەش دەكاتەوە “هەسەدە هاوبەشێكی نزیكی ئێمەیە و سەری ڕم بووە لە جەنگی دژی داعش، بۆیە ئەركی سەرشانی ئەمریكایە دڵنیا بێتەوە كە بە دادپەروەری مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.”


































































