سۆران سرێشمەیی – سۆران :
لە میانەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی “هیوا”ی ڕادیۆی زاری کرمانجی، لە بارەی پرسی نەهێشتن یانژی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کەلسوم گەزنەیی توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی بواری ئافرەتان دەڵێت:” بەهۆی ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی ئیسلام ئاینن و مینبەر و مامۆستایانی ئایینی کاریگەری زۆر بەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاک بەجێ دەهێڵن، بۆیە پێویستە لە پرسی ژنکوژی و هەروەها بە مەبەستی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی کچان و ئافرەتان ڕۆڵی ئەرێنی ببینن و پەیامی جوانی ئیسلام وەک خۆی بگەیەنن بە پەیڕەوانی ئەو ئایینە.”
ئەو توێژەرە بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات:” کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ پرسی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژە بۆ نەهێشتن یانیش کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی کچان و ئافرەتان، کەمتەرخەم بووە و داواکاریشم بە شێوەیەکی باشتر هاوکاری ئەنجوومەنی ئافرەتان و خانمان و ڕێکخراوەکان و لایەنی پەیوەندیدار بە پرسی مافی ئافرەتان بکەن، تا بتوانرێت ڕێژەی ژنکوژی و توندوتیژییەکانی دیکەی دژی کچان و ئافرەتان کەم بکرێتەوە.”