ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند ” لە بەرەکانی شەڕ لە باشووری کۆبانێ، بەرپەرچی چەندان هێرشی گرووپە چەکدارەکانمان دایەوە و زیانی گەورەمان پێگەیاندن”.
لە راگەیاندنەكەی هەسەدە هاتووە “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانیان لە بەرەکانی باشووری کۆبانێ، بەرپەرچی چەندین هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقمان داوەتەوە و زیانی گەورەیان پێگەییوە”.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانەوە تا 6:00ـی بەیانی، لە میحوەری ‘سرین’ـی باشووری کۆبانێ، دوو هەوڵی هێرشی یەک لەدوای یەک ئەنجام دراون، بەڵام هێزەکانیان “بە ئازایەتی و لێهاتووییەوە” بەرپەرچیان داونەتەوە. لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا، ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێرشکاران تێکشکێنراون و سەرنشینەکانیان کوژراون.
هەسەدە ئەوەی خستووەتە ڕوو، هەروەها لە میحوەری ‘ئەبو سرە’، گورز لە کاروانێکی سەربازیی ئەو گرووپانە وەشێنراوە و ناچار بە پاشەکشە کراون. هاوکات، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەویان لە گوندی ‘خان مامەد’ لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ تێکشکاندووە و دوای وەشاندنی “گورزی کوشندە”، ناچار بە کشانەوە کراون.
هەسەدە لە کۆتاییی ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان، بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە (یەپەژە)، لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان.































































