مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جیم ڕیش، سیناتۆری كۆماری ڕایگەیاند كە بە وردی چاودێری جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەستی نێوان حكومەتی نوێی سووریا و هەسەدە دەكات و داواش لە سوپای عەرەبی سووریا دەكات پێچەوانەی ڕێككەوتنەكە هەنگاو نەنێت.
جیم ڕیش سیناتۆری ویلایەتی ئایدەهۆ بە ئاژانسی هەواڵی فۆكس نیووزی ڕاگەیاند “فەرمانی حكومەتی سوریا بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی كورد نیشانەیەكی باشە، بەڵام هەڵسوكەوتی هێزەكانی لەسەر زەوی دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ ئەو فەرمانە.”
ڕیش هۆشداری لە مەترسیی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان دەدات و دەڵێ “دابەشبوون و توندوتیژی لە سووریا لە نێوان هاوبەشە ئەمەریكییەكان تەنیا سوود بە ئەكتەرە خراپەكانی وەك داعش و ئێران دەگەیەنن كە سووریا دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی وەك زەمینەیەكی بەرهەمهێنان بۆ تیرۆری نێودەوڵەتی بەكاریبهێنن، لە نێویاندا دژی ئەمەریكا.”
گوتیشی، “پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەكەم و لە نزیكەوە چاودێری جێبەجێكردنی دەكەم.”

































































