مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیاندراوێكدا هۆشداری دەدات لە ئازادبوونی هەزاران بەندكراوی داعش لە زیندانەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و ڕایدەگەیەنێت”پەرەسەندنێكی مەترسیدار سەرەڕای ئاگربەست لە عەین عیسا و ئەلشەدادی و ڕەقە لە ئارادایە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق هێرش دەكەنە سەر هێزەكانمان لە دەوروبەری زیندانی ئەلئەقتان لە ڕەقە،”
لە راگەیاندراوەكەی هەسەدە كە ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی 1ـی 2026 بڵاوكراوەتەوە “سەرەڕای ڕێككەوتنی ڕاگەیەندراوی ئاگربەست و ئەو لێدوانانەی سەبارەت بە ئاگربەست دەركراون، گرووپە چەكدارەكانی حكومەتی دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانمان لە عەین عیسا و ئەلشەدادی و ڕەقە.”
دەشڵێت “لە ئێستادا پێكدادانی توند لەنێوان هێزەكانمان و ئەم گرووپانە لە دەوروبەری زیندانی ئەلئەقتان لە ڕەقە كە دەستگیركراوەكانی داعشی تێدایە، لە پێشهاتێكی زۆر مەترسیداردا ڕوودەدات.”
هەسەدە جەخت لەوەش دەكاتەوە “ئاستی هەڕەشەكان بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵی ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن و دەستبەسەرداگرتنی زیندانەكە، و ئەو كاردانەوەی ئەمنی جددییەی كە ئەمە دەتوانێت هەیبێ، هەڕەشە لە سەقامگیری دەكات و ڕێگا خۆش دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ ئاژاوە و تیرۆر.”
لە كۆتایی راگەیاندراوەكەیدا هەسەدە دەڵێ “ئێمە ئەم ڕاستیانە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی و دەستدرێژكاران بە تەواوی بەرپرسیار دەكەین لە هەر دەرئەنجامێكی كارەساتبار كە ڕەنگە لە ئەنجامی بەردەوامی ئەم هێرشانەدا ڕووبدات.”

































































