زاری کرمانجی سپۆڕت
توێژینەوەیەکی چینی دەریخستووە خواردنی گۆشت وەک بەشێک لە خۆراکی هاوسەنگ ڕەنگە پەیوەندی بە تەمەن درێژی وەرزشوانانەوە هەبێت و ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی درێژ زیاد بکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، توێژینەوەکە پێنج هەزار و ٢٠٣ بەشداربووی وەرزشوانی چینی لەخۆگرتبوو.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی خۆیان لە خواردنی گۆشت بەدوور گرتووە ئەگەری گەیشتنیان بە تەمەنی زۆر کەمتر بووە بە بەراورد بە گۆشتخۆرەکان، لەکاتێکدا ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ ٢٩% لەنێو ڕووەکیخۆرەکاندا.
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو ڕووەکخۆرانەی هێلکە و بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەخەنە ناو خۆراکەکانیانەوە، ئەگەری گەیشتنیان بە تەمەنی گەورە بە ڕێژەی ١٤% کەمترە هەروەها ئەو خۆراکە ڕووەکییانەی کە ماسی لەخۆدەگرن پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی هاوشێوەی ئەگەرەکانەوە هەبووە.
دکتۆر شیانگ گاوو، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە روونیکردەوە کە ڕەنگە کەسانی وەرزشوان پێویستیان بەو ماددە خۆراکییە گرنگانە هەبێت کە لە گۆشتدا هەن، ئەوەش پێشنیاری ئەوە دەکات کە خۆراکی ڕووەکی و ئاژەڵی تێکەڵ بکرێت ئەمەش ڕەنگە گونجاوترین بێت بۆ تەمەنێکی درێژتر و تەندروستییەکی باشتر.
لە هەمان کاتدا توێژینەوەکە جەختی لەسەر گرنگی سەوزەکان کردووەتەوە، بەو پێیەی خواردنی ڕۆژانە پەیوەندی بە زیادبوونی ٨٤%ی ئەگەری گەیشتن بە تەمەنی زۆرەوە هەیە بە بەراورد بەو کەسانەی کە بە بەردەوامی نایخۆن.
توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامی توێژینەوەکەیان هانی خۆراکی گۆشت نادەن، بەڵکو بانگەشە بۆ هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی ڕووەک و ئاژەڵدا دەکەن بۆ تەمەنێکی درێژ، بە لەبەرچاوگرتنی باری جەستەیی گەورەساڵان و کاریگەرییەکانی لەسەر توانای سوودوەرگرتنیان لە هەر جۆرە خۆراکێک.

































































