زاری كرمانجی :
شوان زراری، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “ئەم وێنەیە تەنیا گرتەیەكی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە، بەڵكوو پەیامێكی مێژوویی و نەتەوەیییە كە دەیسەلمێنێت كورد خاوەن و مەرجەعی هەیە.”
زراری دەڵێ “كاتێك جیهان و هێزە بڕیاربەدەستەكان لەگەڵ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانیدا كۆدەبنەوە، لە ڕاستیدا لەگەڵ ئیرادەی پۆڵاینی نەتەوەیەك و مەرجەعی باڵای هەر چوار پارچەی كوردستاندا گفتوگۆ دەكەن.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە مێژوو ناچارە بە پیتە زێڕینەكانی، باسی ئەم شكۆیە و ئەم ساتەوەختە بكات كە تێیدا ناسنامەی كورد لە هەموو كات بەرزتر دەدرەوشێتەوە و دەشڵێت “دانیشتنێكە لە ئاستی زلهێزەكان، بەڵام بە فەلسەفە، ناسنامە و كەرامەتی ڕەسەنی كوردییەوە.”
زراری باس لەوەش دەكات “ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی بە پۆشاكی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و جلوبەرگی ڕەسەنی نەتەوەیی لەبەردەم شاندی وڵاتە هەرە زلهێزەكانی جیهان، گەورەترین پەیامی سیاسی و نەتەوەیییە؛ ئەمە وەڵامێكی دڵنیایی و یەكلاكەرەوەیە بۆ هەموو ئەو تاقم و لایەنانەی كە دەیانویست نەتەوەی كورد وەك گەلێكی پەرتەوازە و بێ خاوەن نیشان بدەن.”
گوتیشی “ئەمڕۆ مێژوو بە دەنگێكی دلێر و بەرز ڕایدەگەیەنێت: ئەم گەلە مەزنە، ڕێبەر و مەرجەعێكی حەكیمی هەیە كە پارێزەری ڕاستەقینەی ماف و كەرامەتی هەر كوردێكە لە هەر كوێی ئەم زەمینە بێت. ئامادەیی جەنابی سەرۆك وەك چەتر و مەرجەعی نەتەوەیی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، ئاسۆیەكی ڕوون و پڕ لە هیوا بۆ داهاتووی نەتەوەكەمان دەستەبەر دەكات و بە وێناكردنی ئەم شكۆیە، جیهان تێ دەگات كە كێشەی كورد تەنیا پرسێكی سیاسیی نییە، بەڵكوو خاوەنی مەرجەعێكی نەتەوەیییە كە هیچ هێزێك ناتوانێت چاوپۆشی لە پێگە و بڕیارەكانی بكات .”

































































