ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بەپێی ئاژانسەكان دوای هێرشەکەی چەکدارانی ئەحمەد شەرع و سوپای عەرەبی سوریا بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، گرژی و ئاڵۆزی ڕووی لە ناوچەکە کرد و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاند: ٥٠٠ کەس چارەنووسیان لەو دوو گەڕەکە کوردییەی ڕۆژئاڤا نادیارە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی کاتی سوریا بە هاوکاری تورکیا، بە درۆنی مۆمبڕێژکراو هێرش دەکاتە سەر باڵەخانەی حکومی و دەوروبەری بەنداوی تشرین، هاوکات لەو هێرشانەدا ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج گیراوە.
لە درێژەی پێکدادانی چەکدارانی سووریا لەگەل خەڵکی مەدەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، سەدان کەسی بێ تاوان ئاوارەبوون، خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی لەدوایین ئاماریشدا مافی مرۆڤ لە عەفرین ئاشکرای کرد ٥٠٠ کەس لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود چارەنووسیان نادیارە.

































































