زاری کرمانجی
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) ڕەخنە لە حکوومەتی فیدراڵ دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی لە نیوەی وەرزی زستانداین، بەڵام بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە و ئەرکی لێپرسراوێتیی خۆی بەرامبەر هاووڵاتییانی خۆی جێبەجێ ناکات.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، “تا ئێستا حکوومەتی عێراق یەک هاوکاریی ئاوارەکانی نەکردووە و هەموو خزمەتگوزارییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات، لە کاتێکدا ئەوانە هاووڵاتیی عێراقین و ئەرکی یاسایی بەغدایە هاوکارییان بکات.”
بەڕێوەبەری (JCC) وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو و گوتی، “حکوومەتی عێراق یەک لیتر نەوت، کەلوپەل، پێداویستی و جلوبەرگی زستانە، تەنانەت گۆڕینی خێمە و سۆپای بۆ ئاوارەکان نەناردووە. ئێمە بە فەرمی داوامان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا خەرجییەکی زۆر لەسەر شانی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
پەیوەست بە کۆسپەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەیان، سروە ڕەسوڵ گوتی، ”لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەغدامان کردووە تاوەکو دۆسیەی ئاوارەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام جێبەجێ نەکردنی “ڕێککەوتننامەی شنگال” و خراپیی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، ڕێگرن لە گەڕانەوەی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئاوارەی شنگالی.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان تیشکی خستە سەر دۆخی کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و گوتی، “هەزاران ئاوارە لەم کەمپانە بەدەست نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی و کێشەی عەشایەرییەوە دەناڵێنن و هیچ هەنگاوێکی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەنراوە تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.”
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سروە ڕەسوڵ ئاماری نوێی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، ئێستا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس، کە بەشی هەرە زۆریان ئاوارەی ناوخۆیی عێراقن و پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی بەپەلە هەیە.


































































