سێنتكۆم كوژرانی بەرپرسێكی باڵای قاعیدەی لە باكوری سووریا ڕاگەیاند و دەڵێت، ئەو پلانداڕێژەری كوشتنی چەند ئەمەریكییەك بووە لە سووریا.
ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی كانوونی دووەم، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا-سێنتكۆم، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا، دوێنێ شەو لە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و لە ئۆپراسیۆنێكی سەركەوتوودا، سەركردەیەكی باڵای قاعیدە كوژراوە كە بەرپرسیاری كوشتنی ژمارەیەك ئەمەریكیی بووە لە سووریا.
دەشڵێت، سەركردەكەی قاعیدە ناوی “بیلال حەسەن جاسم”ە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەبووە بەو چەكدارەی داعش كە بەرپرسیار بوو لە هێرشەكەی ڕۆژی 13ـی مانگی ڕابردوو، كە تێیدا دوو سەربازی ئەمەریكی و وەرگێڕێك لە شاری تەدموور لە سووریا كوژران.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كوژرانی ئەو تیرۆریستە كە پێوەندی هەبووە بە گیان لەدەستدانی سێ هاووڵاتیی ئەمەریكییەوە، نیشانەی سووربوونی ئێمەیە لە بەدواداچوون و ڕاوەدوونانی ئەو تیرۆریستانەی هێرش دەكەنە سەر هێزەكانمان.

































































