موڕشید برادۆستی – سیدەكان
ماوەیەكە كارەبای نیشتیمانی لە شارۆچكەی سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سۆران، بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبۆتەوە و ئەمەش دانیشتوانانی نیگەران كردووە، بەرپرسانی كارەبا لە دەڤەرەكەش هۆكارەكە بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكەن.
لوقمان پیرەسنی بەرپرسی وێستگەی كارەبا لە سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت:” ئەو گرفتەی لە بەردەم كوژانەوە و كەمبوونەوەی كارەبا لە سنوورەكەمان پەیدا بووە، هۆكارەكە هەولێرە و وێستگەی كارەبای سیدەكان گرفتی نییە.
زیاتر گووتی:” ڤۆڵتیەی كارەبا گرفتی لێ دروست بووە و تەواو نییە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەش كردنی كارەبای سۆرانیش بڵاویان كردۆتەو بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك كەمدەبێتەوە تا گرفتەكە چارەسەر دەكرێت.
لای خۆیەوە، ئیدریس سەعید بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەو بڕە كارەبای بە سیدەكان و گوندەكان دەدرێت، رۆژانە بەهۆی كەمی ڤۆڵتیە و لەكار كەوتنی وێستگە و تۆڕەكانی كارەبا لە نێوان هەولێر – سۆران، بۆ ماوەی 3 كاتژمێر و نیو كارەبا لە سنوورەكەمان دەبڕدرێت .
بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای سیدەكان، ئاشكراشی كرد:” بە شێوەیەكی گشتی 12 كاتژمێر كارەبا لە سیدەكان هەیە، بە پێی ئەو خشتەی دیای كراوە رۆژانە كارەبا لە 3ی ئێوارە دەدرێتەوە تا 3ی شەو بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتەی دروست بووە، كارەبا كەمبۆتەوە.
گووتیشی:” بەهۆی با و باران شۆڕت، زۆر جار گرفت لە فیدەرەكان و تۆڕەكانی كارەبا دروست دەبێت، بەڵام ئەم جۆرە گرفتانە لە لایەن تیمەكانمان لە ماوەیەكی زوودا چارەسەر دەكرێن”.