مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە 56ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی (داڤۆس) لە سویسرا دەکات کە تێیدا دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشدار دەبن.
56ەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) لە 19 تا 23ی کانوونی دووەمی 2026 لە ژێر ناونیشانی “ڕوحی دیالۆگ” بە بەشداری گرنگترین سەرکردەکان و بازرگان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەدەچیت.
زیاتر لە پێنج دەیەیە، کۆڕبەندەکە سەرکردەکانی بواری بازرگانی، حکوومەت، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەکادیمیا و نەوەی داهاتووی کۆکردووەتەوە تاوەکو لە ئاڵنگارییە جیهانییەکان تێبگەن و پێکەوە جیهان بەرەو پێشەوە ببەن.
لە ساتەوەختێکدا کە گۆڕانکارییە قووڵە جیۆسیاسی، تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان پێناسەی دەکەن، کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان (World Economic Forum) سەکۆیەکی بێلایەن بۆ گفتوگۆ، هاوکاری و کارکردن دابین دەکات.
کارنامەی کۆڕبەندەکە بە جۆرێک دیزاین کراوە، بیرۆکەکان بوروژێنێت، چارەسەری مەودادرێژ بۆ ئاڵنگارییە پەیوەستەکان دەربخات و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەکردن و خۆڕاگری و کاریگەری بکاتەوە.
کۆڕبەندی ئەمساڵ، ڕەنگدانەوەی تێکەڵەیەکی بێوێنە و جۆراوجۆرە لە کەرتەکان، پیشەسازییەکان، حکوومەتەکان و نەوە جیاوازەکان، ئەمەش مسۆگەریی دەستەبەربوونی ئەو مەودا فراوانەی دیدگا جیاوازەکان دەکات کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش پێویستن. هەروەها لە ڕێگەی ئەزموونێکی میدیایی دیجیتاڵی کراوە، دانیشتنە پەخشکراوەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ، بەشداریکردنی بەرفراوانی میدیاکان و بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی “کۆڕبەندی کراوە – Open Forum”، گفتوگۆکان زۆر فراوانتر دەبن لە سنووری داڤۆس و بینەرانی جیهانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

































































