سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەزگای سەتەلایتی کوردستان دەکات و کوردستان تیڤی بە “قوتابخانەی پێگەیاندنی میدیاکاران” وەسف دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 27ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەو دەزگایە کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ستایشی ڕۆڵی کوردستان تیڤی دەکات وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی کوردستان کە وەرچەرخانێکی گەورە بووە لە مێژووی ڕاگەیاندندا و هەمیشە پەیامی ئاشتی و یەکڕیزی کردووەتە سەرمەشق.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان
یادی (27) ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، بە گەرمی لە ئێوە و بینەرانتان پیرۆز دەکەم. بە ڕێز و پێزانینەوە لە مێژووی گەش و خزمەتی بەردەوامی دەزگاکەتان دەڕوانم.
کوردستان تیڤی، وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، تەنیا وەرچەرخانێکی گەورە نەبوو لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردستاندا، بەڵکو بووە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی میدیاکاران و کردنەوەی دەروازەیەک بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە جیهان.
جێگەی دەستخۆشییە کە ئەم دەزگایە، دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، هێشتا پارێزگاری لە سەنگینی و متمانەی خۆی کردووە. هەمیشە وەک کەناڵێکی بەرپرسیار، پەیامی ئاشتی، یەکڕیزی، پێکەوەژیان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمانی کردووەتە سەرمەشق.
هیوای پێشکەوتن و نوێبوونەوەی بەردەوامتان بۆ دەخوازم، بۆ ئەوەی هەمیشە وەک سەکۆیەکی ڕاستگۆ و نیشتمانی لە خزمەتکردنی کولتوور و دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا بەردەوام بن.
هەر سەرکەوتوو بن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
17/1/2026

































































