مەسرور بارزانی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی دەکات و بە کەناڵێکی نیشتمانی و ڕاستگۆ وەسفی دەکات کە هەمیشە پشتیوانی دەستکەوتە نیشتمانییەکان بووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 27ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان (کوردستان تیڤی)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرپەرشتیار و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.
سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەیدا ستایشی ڕۆڵی کوردستان تیڤی دەکات وەک دەزگایەکی متمانەپێکراو کە بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە کاری کردووە بۆ پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان و گەیاندنی زانیاریی ڕاست.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت:
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی
بەبۆنەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزان سەرپەرشتیاری گشتی و بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.
کوردستان تیڤی، وەک کەناڵێکی نیشتمانی و دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕاستگۆ و متمانەپێکراو، بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە ڕۆڵێکی گرنگی لە پشتیوانیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نیشتمانییەکان و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە.
وێڕای پێزانینم بۆ کار و ماندووبوونی کارمەندانی کوردستان تیڤی، دەستخۆشییان لێ دەکەم و هیوای پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
17/1/2026

































































