بۆ جاری پێنجەم، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (داڤۆس) لە سویسرا دەکات، کە بڕیارە لە ڕۆژانی 19 تا 23ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و کارا بەشدار دەبێت و ئامانجی سەرەکییان برەودانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و خستنەڕووی دیدگای هەرێمە لەسەر پرسە هەنووکەییەکان.
دزەیی ئاماژەی بەوەشدا کە گفتوگۆکان تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتدا نامێننەوە، بەڵکو تاوتوێی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و بەتایبەت پرسە ئابوورییەکان دەکەن، بە مەبەستی ڕاکێشانی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان بۆ کوردستان.
جێی ئاماژەیە، کۆڕبەندی داڤۆس کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە، ساڵانە گرنگترین سەرکردە و بڕیاربەدەستانی سیاسی و ئابووری جیهان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری کێشە جیهانییەکان.


































































