سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی برای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەکان، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستە کرد.
دەقی پەیامەکە:
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی برای سەماحەتی مەرجەعی باڵای ئایینی، ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی، خوالێخۆشبوو سەماحەتی ئایەتوڵڵا سەید هادی سیستانی (طاب ثراه)ـمان پێ گەیشت.
بەو بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی دڵسۆزانە و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بەڕێزیان و خانەوادە بەڕێزەکەیان دەکەم.
هاوبەشی خەمیانین لە لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە زانستی و ئایینییە، لە پەروەردگاری مەزن داواکارین کۆچکردوو بەر ڕەحمەتی فراوانی خۆی بخات و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، هەروەها سەبر و ئارامی بە ئێوە و هەموو خۆشەویستانی ببەخشێت.
إنا لله وإنا إليه راجعون.

































































