چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە كە خاك و ئاسمانی وڵاتەكەیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و هەر وڵاتێكی دیكە بەكاربهێنرێت.
لە راگەیەنراوێكی چوارچێوەی هەماهەنگی هاتووە “لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان، رەتی دەكەینەوە خاك و ئاسمانی وڵاتەكەمان بۆ هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێك بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاربهێنرێت، ئەمە دەبێتە پێشێلكاری سەروەری عێراق و خستنەنێو ململانێكان كە لە خزمەت ئاسایش و بەرژەوەندی گەلەكەماندا نییە”.
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە “ناوچەكە بەرگەی ململانێی سەربازی نوێ ناگرێت بەتایبەت كە ئێستا بارگرانی بارودۆخی ئابووری و نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە ئارادایە.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیشی كردەوە كە ئەوان لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسی و سیاسین لە ناوچەكەدا بۆ دووركەوتنەوە لە هەر شەڕ و ماڵوێرانییەك.
ئەم راگەیەنراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی عێراق لەكاتێكدایە كە ئەمریكا و سەرۆكەكەی دۆناڵد ترەمپ چەند رۆژێكە بەردەوام هەڕەشەی بەكارهێنانی هێرشی سەربازی دژی ئێران دەكات بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی و كوشتنی خۆپیشاندەران لە وڵاتەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.

































































