ن/ مستەفا سۆفی
دەبێ کامە لەو تەرمانە هی ئەو بێت؟ ئەو کتێبفرۆشەی کە لە شەقامی خەییام لە ورمێ کتێبم لێ دەکڕی.
تۆبێ ئەو شوفێر تەکسیەی لە تەرمیناڵە سارد وسڕەکەی (خانێ ) بە خەندەیەکی گەرم و نیگایەکی پڕ لە حەسرەت بارگەکەمی هەڵدەگرت، ئەمڕۆ جەستەی بێگیانی لە کامە شەقامی خوێناوی کەوتبێت؟
کە سەیری تۆماری ئەو کۆمەڵکوژیەم دەکرد چاوەکانم بەدوای ئەو کوڕە گەنجە دەگەڕان کە هەمیشە لە بەردەرگای هۆتێلەکەم چاوەڕێم دەبوو تا یەکەم کەس بەیانی باشم لێ بکات هەرچەند ناوەکەیم بیرچووە بەڵام نیگای کوردانەی قەت لەبەر چاوم لاناچێ. ئاخر هەمیشە بەپەلە بوو کۆتای هەفتان بچێتەوە گوندەکەیان و بارێک دیاری بۆ خوشک و براکانی بباتەوە، نەکا ئەمڕۆ لەجیاتی دیاری تەرمەکەیان لەناو کیسەیەکی ڕەش نەناردبێتەوە (قاڕنە)

دەبێ کاک ساڵحی هاوڕێم ئەو پیاوە مهابادیەی کە هەر گوێی لەناوی کوردستان دەبوو دەگریا، جارێکی دی جەرگی نەسووتابێ؟
وێنا دەکەم دەبێ چەند دڵدار ئەوڕۆ زنجیری ئەو کیسە ڕەشانەیان کردبێتەوە تا نەبادا جەستەی سوارچاکی لە خوێن گەوزیویان لەکامە کیسی ڕەشدایە!
چاوەکانم هەر دەگەڕێن، بۆ ئەو کوڕە کوردی پۆشانەی لە شنۆ توتنیان دەفرۆشت، ئەو کچە شۆخانەی لە (بەندێ) پێدەکەنین، ئەو پیرەمێردانەی لە (مەلاجامی) دامەیان دەکرد، ئەو کوڕە هەڕاشانەی لە (بانە) حەمباڵ بوون، ئەو پیرەژنەی کە لە ناو بازاڕی نەغەدە بنێشتی دەفرۆشت، ئەو پیرە پیاوەی کە لە کرماشان شریتێکی حەسەن زیرەکی بەدیاری دامێ.
ئێستا نازانم بۆ کامە پارچە و کامە برا و کامە دۆست و کامە خوشکم بگریم، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خوێنیان لێ دەچۆڕێ، لە پەنای خەم و پەژارە دڵم زۆر لەو بێشەرەفانە پڕە کە بەتنیشتم تێدەپەڕن و فرمێسکەکانم نابینن، زۆر لەو نامرۆڤانە پڕم کە دڵێکیان نییە بۆ نیشتیمان لێبدات.
هیوام وایە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ ئاگر بە عەمامەی ئەوان بکەینەوە و جبەکانیان لە ئاگر هاوێین.
تکادەکەم بە ئاسانی بەسەر ئەو کۆمەڵ کوژیەدا تێمەپەرن، میللەتەکەمان خەریکە لە ڕۆژهەڵات قڕ دەکرێ تکایە شەرەفتان هەبێ و مرۆڤ بن.

































































