بەهۆی خراپی بارودۆخی ناوخۆیی و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی ئەو قوتابیانەدا کە لەو وڵاتە دەخوێنن.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: “وەک پاراستنی سەلامەتی گیانی قوتابیان، هەموو ئەو کوردانەی لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، سەرپشک کراون لەوەی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەت لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و ئەگەر ئاڵۆزییەکان درێژە بکێشن، بڕیاری نوێ دەدەن بۆ ئەوەی ماوەی گەڕانەوەیان کار نەکاتە سەر هەژمارکردنی ساڵی خوێندنیان.
جێی باسە، لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار قوتابیی هەرێمی کوردستان لە زانکۆ جیاوازەکانی ئێراندا دەخوێنن، بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتیش، تا ئێستا هیچ قوتابییەکی کورد ڕووبەڕووی ڕفاندن، برینداربوون یان گیانلەدەستدان نەبووەتەوە و سەرجەمیان سەلامەتن.

































































