بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەو هاووڵاتییانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان بە قست کڕیوە و ڕایدەگەیەنێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک پارەی قستەکان لە شوێنی پڕۆژەکان و بە دەست بدەنە وەبەرهێنەران.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر، ڕایگەیاند کە بۆ هەر پڕۆژەیەک هەژمارێکی بانکیی تایبەت کراوەتەوە و پێویستە هاووڵاتییان تەنیا لە ڕێگەی بانکەوە مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی مافی کڕیارانە، چونکە وەبەرهێنەر تەنیا بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و بە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان دەتوانێت دەستکاری ئەو پارانە بکات.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە تەنیا پسوولەی بانک وەک بەڵگەی فەرمی دەناسرێت و داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە گرێبەستەکانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.

































































