ژمارەیەک لە کارمەندانی بنكەی سەربازی ئەمریکی (عودەید) لە قەتەر ئاگادار كراونەتەوە تا ئێوارەی ئەمڕۆ قەتەر بەجێبهێڵن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، بە پشت بەستنی بە لێدوانی سێ دیپلۆماتکار بڵاوی كردەوە ” ژمارەیەك لە کارمەندان ئاگادارکراونەتەوە تا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بنکەی ئاسمانی عودەیدی سەربازی ئەمریکا لە قەتەر بەجێبهێڵن، ئەوەش لە نێوەندی ئاگادارکردنەوەکانی واشنتن کە ڕەنگە دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لە ئێران”.
بەپیی زانیارییەكانی ناو هەواڵەكەی رۆیتەرز” باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دەوحە هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە نەداوە، لەكاتێكدا بنکەی عودەید گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکەی 10 هەزار سەربازی تێدایە” حكومەتی قەتەریش بە فەرمی هیچ زانیارییەكی لەم بارەوە نەخستۆتەڕوو”.
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، “ئەمە گۆڕانکارییە لە شێوازی جێگیربوون (posture change) نەک چۆڵکردنێکی فەرمی و ئاگاداری ئەوە نین کە هیچ هۆکارێکی دیاریکراو بۆ ئەو گۆڕانکارییە درابێت”.
بەرپرسێکی باڵای ئێران پێشتر بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کە تاران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ناوچەکە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی واشنتن، هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی لە ئێران کرد.

































































