مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی چالاكوانانی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا) لە ڕاپۆرتێكی دا ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێرانی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت “لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تاوەكوو ئێستا دوو هەزار و 403 كەس كوژراون كە لە نێویاندا 147 كەسیان لە هێزە ئەمنییەكان و كەسانی سەر بە دەسەڵاتن، ئەوانی دیكەش هاووڵاتیی مەدەنین و 12 منداڵیش لە نێو قوربانییەكان هەن،”
لە ڕاپۆرتەكەی ئاژانسی هێرانا هاتووە “ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مەدەنی و دەزگا ئەمنییەكان بریندارن و برینی 1,134 كەسیان زۆر سەختە،”
ئاماژەی بەوەش كردووە كە تا ئێستا 18,434 كەس دەستبەسەركراون و ددانپێدانانی زۆرەملێی 97 كەسیشیان بڵاوكراوەتەوە.
ڕۆژی 28ـى 12ـى 2025، بە هۆی گرانیی و خراپیی بارودۆخی ئابووری و بژێوی ژیان خۆپیشاندانی هاووڵاتییان سەرەتا بە مانگرتنی كاسبكاران لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیپێكرد و دواتر تەواوی پارێزگاكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە.

































































