یەکێک لە گەورەترین دوکانەکانی زێڕینگری لە قەزای ناوەندی سۆران، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ كرینی زێر رووی تێدەكەن، ئەم زێڕینگرە بە زاری كرمانجی گووت” جگە لە كڕیاری زێری جوانكاری وەك ملوانكە و بازنە و گوارە، خەڵك هەیە بە كیلۆ دەیكرێت، لە سۆران هاووڵاتی وای هەبووە 5 كیلۆی كریوە”.
شارەزایەكی ئابووری دەڵێت ” بەهۆی شێواوی بازاڕی دراو، بەشێكی زۆری هاووڵاتییان ناوێرن پارەکانیان بە دۆلار یا دینار هەڵگرن، بۆیە سەرەڕای ئەوەی نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە، خواست لەسەر زێڕ زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی دواجار بە سوودێكی باش دەیفرۆشنەوە”.
ئەو شارەزاییەی بواری ئابووری گووتیشی” هەڵگرتنی زێڕ دڵنیایی زیاتر دەدات بە بازرگانەكان، لەبەر ئەوەی بەردەوام نرخی زێڕ گران دەبێت، بۆیەش ئەو هاووڵاتییانەی پارەیان هەیە روو لە كڕینی ئەم كانزایە دەكەن”.
نا سەقامگیری دۆخی سیاسی كە دواجار كاریگەریشی لەسەر بواری ئابووری دەبێت وا دەكات هاووڵاتییان بەردەوام ترسیان هەبێت، لە داتەپینی بەهای دراوی وڵات، هەندێكجاریش، لێدوانی بەرپرسێك یا دامەزراوەیەك لەسەر لابردنی سفرەكانی سەر دراو دەبێتە هۆی كاری دروستبوونی دڵراوكێ لای ئەو هاووڵاتییانەی پارەی كاشیان هەیە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە كە پارەكەی نافەتێ یا بەهای لەدەست نادات، پەنا بۆ كرینی زێر یا زیو دەدات .
کلتووری کڕینی زێڕ لە جیهانی بازرگانیدا نوێ نییە، بەڵام ئەم ساڵ خەڵکێکی زۆر زیاتر لە سالانی پێشووتر دەستیان بە کڕینی زێڕ كردووە، تا هاووڵاتییان متمانەیان بە دینار و دۆلار نەگەرێتەوە دۆخێكی جێگر ئەم حاڵەتەش بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن یەدەگی زێڕی عێراق 171 تۆنی تێپەڕاندووە.



































































