شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، دەڵێت” گەشە (Growth): بریتیە لە زیاد بوونی قەبارە و كێشی منداڵ لە ئەنجامی زیادبوونی قەبارەی ئەندامەكانی جەستەی كە لە كاتی لە دایك بوونەوە پێویستی بە چاودێری هەیە، پێوانەی گەشە كردن، زانینی بەرەو پێشچوونی گەشە و مەودای زیادبوونی لە رێگەی پێوانەكردنی كێش و باڵا و چێوەی سەر و چەند پێوانەیەكی ترەوە دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد ” هەرچی پێگەیشتنە بریتیە لە بەردەوامی روودانی ئاڵۆزیەكانی لەش كە هەر یەك لە ئەندامەكان و فەرمانەكانیان بەیەكەوە دەگرێتەوە، كە منداڵ لە ئەنجامی ئەو گۆڕانكارییانە بە دەستی دەهێنێت لە بەهرە، توانا، شارەزایی، لێهاتوویی و پێشكەوتن، لە باری ئاساییدا گەشە و پێگەیشتنی منداڵ بەیەكەوە زیاد دەكەن و بە شێوەیەكی یەكسان لە سەر هەمان هێڵ دەڕۆن، بۆ نموونە زیادبوون لە قەبارەی لەش و پێكهاتەكەی هاوتا دەبێت لەگەڵ گۆڕانی كەسایەتی منداڵەكە، پێگەیشتنی زیرەكی، هەستكردن بە راستی شتەكان، توانای بڕیاردان، هەڵێنجان، جیاكردنەوە، ناسین و دواڕۆژ و… هتد.