نووسینگەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)، چوارەمین ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی مرۆیی ئاوارەکانی حەلەب و ناوچەی عەفرین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هاوکارییان گەیاندووەتە 11 هەزار و 480 کەس.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی نێوان 9 بۆ 12ی کانوونی دووەمی 2026، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 9,746 ژەمی خواردنی گەرم، پێداویستی ناوماڵ بۆ 606 کەس و هاوکاری پزیشکی بۆ 396 نەخۆشی دابین کردووە. هەروەها 480 منداڵ لە چالاکییە دەروونی و کات بەسەربردنەکانی دەزگاکە سوودمەند بوون.
سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان، دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژی 12ی کانوونی دووەم، یەکەم کاروانی ئاوارەکان کە لە 750 خێزان پێکهاتبوون، گەڕاونەتەوە بۆ گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەڕی ڕۆژی 8ی کانوونی دووەمەوە، نزیکەی 27,750 خێزان (138,750 کەس) ئاوارە بوون و زۆربەیان لە دۆخێکی سەختی زستانەدا لە ناوچەی عەفرین نیشتەجێن.
بەهۆی پێکدادانە چەکدارییەکانی ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون دەستی پێ کرد کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ٢٧ هەزار و ٧٥٠ خێزان (نزیکەی ١٣٨ هەزار و ٧٥٠ کەس) ئاوارە بوون، کە زیاتر لە %٩٠یان ڕوویان لە ناوچەی عەفرین کردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەم ڕێکخراوی خێرخوازی بوو کە بە هانای لێقەوماوانی حەلەبەوە چووە. ئەم هەڵمەتە مرۆییەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاری چەندین لایەنی وەک (Peace Village, KHALSA AID, ZER COMPANY, Toefin Catholic Church, Media International School) بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی زۆرترین هاوکاری بگاتە دەستی لێقەوماوان.

































































