جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، کۆبووەوە و تێیدا چەندین پرسی هەستیاریان تاوتوێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان کرد دەربارەی گرنگیی پارێزگاریکردن لە سەروەریی عێراق و پتەوکردنی ئاسایشی هەرێمی، هاوکات جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردەوە بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت و خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەو میلیشیا “تیرۆریستیانەی” ئێران پاڵپشتییان دەکات و بە ئاشکرا داواکاریی حکومەتی عێراق بۆ چەک دانان پشتگوێ دەخەن، هیچ شوێنێکیان لە هیچ ئاستێکدا لە ناو حکوومەتدا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گرووپانە بەشوێن ئەجێندای بیانییەوەن و بوونەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی دەوڵەت و پێشێلکردنی سەروەریی وڵات.
لە کۆتاییدا جەخت کرایەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە قسەکردن بە شێوەیەکی ڕوون لەسەر پێویستیی خێرای هەنگاوی کرداری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیا چەکدارانە. چونکە بە وتەی ئەوان، بوونی ئەو هێزانە نەک هەر هەڕەشە لە هاووڵاتیانی ئەمریکی و ناوخۆیی دەکات، بەڵکو وڵات بەرەو هەژاریی زیاتر دەبات و دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێیە هەرێمییەکان کە زیانی گەورە بە پاشەڕۆژی ناوچەکە دەگەیەنێت.

































































