مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند كە لە بەغدا تیزابی بە كچێكدا كردبوو.
تیزابكردن بە كچێك لە ناو شەقامێكی قەرەباڵغی بەغدا، دەنگدانەوەیەكی زۆری لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق دروستكردبوو، بۆیە ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی 1ـی 2026 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە تۆمەتباری سەرەكیی ڕووداوی تێزابپڕژاندن بە كچەكە دەستگیراوە و دانی بە تاوانەكەی داناوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی دەزگای ناوبراو هاتووە “كەسەكە سەرەتا بە تۆمەتی “مادەی هۆشبەر” دەستگیركراوە، بەڵام لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە كە ئەو هەمان ئەو كەسەیە تیزابی بە كچەكەدا كردووە،”
تۆمەتبار لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوە داناوە كارەكەی بۆ كەسێكی دیكە لە بەرامبەر بڕێك پارە ئەنجامداوە و كاتێك كچەكەی لە نزیك ئۆتۆمبێلەكەی بینیوە و تیزابی پێدابپرژاندووە و دواتریش ڕایكردووە .

































































