ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه بڕیاره كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌نجام بدرێت، بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پیشنیارانهی كه له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه دراون به‌یه‌كتری.
د. ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی، بۆ (باس‌نیوز) گوتی: “پارتی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كردووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كێتییش دانیشتنی خۆی بكات، جاری رابردوو یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك پێشنیاری نوێیان هه‌بوو، ئه‌و پێشنیارانه هاتووهنەتهوه مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و له مه‌كته‌بی سیاسی تاوتوێ كراون و چاوه‌ڕوانین كۆبوونه‌وەی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شاندی هه‌ردوولا كۆ ببنەوە.“
راشیگه‌یاند: ”له كۆبوونه‌وه‌ی پێشووتردا پارتی پێشنیاری خۆی داوه، شاندی یه‌كێتی پێشنیاری پارتیی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی مه‌كته‌بی سیاسی‌یان و پارتی‌یش به‌هه‌مان شێوه، له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا هه‌ردوولا قسه‌ی خۆیان له‌وباره‌وه ده‌كه‌ن، جارێ دیار نییه كه‌ی داده‌نشین، به‌ڵام پێشنیاره‌كان دوور نین له‌یه‌كتر و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت رێك بكه‌وین، لێ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت رێكنه‌كه‌وین به‌ڵێ دوورین.“
گوتیشی: “پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمیش یه‌ك پاكێجه له‌گه‌ڵ سهركۆمار، ئه‌گه‌ر سهركۆمار یه‌كلا ببێته‌وه و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت، كابینه‌ی حكوومه‌تیش دروست ده‌بێت.“































































