ئهمڕۆ دووشهممه12-1-2026، ئەندریۆس کوبیلیۆس کۆمیساری بەرگریی یەکێتی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد بیر لە پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی هاوبەش بکەنەوە کە بتوانێت جێگەی ئەو هێزانەی ئەمهریکا بگرێتەوە کە لە کیشوەرەکەدا جێگیرکراون.
کوبیلیۆس بیرۆکەی دروستکردنی “هێزێکی سەربازی هەمیشەیی و بەهێزی ئەوروپی کە سەد هەزار سەربازی تێدابێت وەک بژاردەیەکی ئەگەری بۆ بهرگریی كردن و پاراستنی کیشوەرەکە پێشنیار کردووه.
لە گوتارێکدا کە لە سوید پێشکەشی کرد، پرسیاری ئەوەی کرد، “چۆن هێزی سەربازی هەمیشەیی ئەمهریکا کە 100 هەزار سەربازە کە بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی سەربازییه لە ئەوروپا بگۆڕین بۆ هێزێكی خۆماڵی ..!!.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ تادێت گومانیان لە پشت بەستن بە واشنتۆن هەیە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێداگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر لکاندنی خاکی خۆبەڕێوەبەری گرینلاند به وڵاتهكهی و پشتكردن له رێككهوتنه نێودهوڵهتییهكان.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە پابەندبوونی ترەمپ بە ئەوروپا وایکردووە چەند وڵاتێکی کیشوەرەکە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی بهرگریی لە بەرامبەر ئەو مەترسییەی رووسیا دروستیکردووە چڕتر بکەنەوە.
دروستکردنی سوپایەکی بهرگریی تۆكمه له ئەوروپا ساڵانێکە وهكو بیرۆكه ههیه، بەڵام بەهۆی دوودڵی وڵاتانی ئەندام لە دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی خۆیان، پشتیوانییەکی بەرفراوانی بۆ دروست نهبووه.

































































