یەكێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەوە دەكات كە سزای نوێ و توندتر لە جارانی رابردوو بەسەر ئێران بسەپێنێ بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی و پێشێلكارییەكان دژ بە خۆپیشاندەران.
ئەنوەر ئەنوونی گوتەبێژی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ئێستا تاوتوێی ئەوە دەكەن كە سزای نوێ بەسەر ئێران بسەپێنێت، یەكێك لەو سزایانەش خستنەنێو وڵاتانی پاڵپشتیكاری تیرۆرە.
راشیگەیاند: سەپاندنی سزای نوێ رێكاری تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت بە ڕەزامەندی سەرجەم وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیای بانگهێشت كردبوو و ڤیدیۆی دیمەنی كاری تێكدەرانەی خۆپیشاندەرانی بۆ نمایش كردبوون، داواشی لێ كردبوون ئەو دیمەنانە بەشێوەی راستەوخۆ لە وڵاتەكانیان بڵاو بكەنەوە بۆ ئەوەی چیتر پاڵپشتی خۆپیشاندەران نەكەن.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە ئێران لە كۆتاییەكانی 2025 بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی كەلوپەل دەستیان پێ كرد، لە رۆژی 8ی ئەم مانگەوە خۆپیشاندانەكان فراوانتر بوونە و گەیشتوونەتە لووتكە.
دوێنێ یەكشەممە ئاژانسی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران (IRIB) بڵاوی كردەوە: بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە سەرجەم شارەكانی ئێران تا ئێستا 38 پۆلیس و ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كوژراون.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكانیش تا ئێستا 12 خۆپیشاندەر و هاووڵاتی سڤیل كوژراون كە لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەن.
































































