په‌رله‌مانتارێكی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ “پارتی ئاماده‌كاری كردووه بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی گرینگن بۆ هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی داهاتووش لیژنه‌كانی په‌رله‌مان دیاری ده‌كرێن.”
د.دانه‌ر عه‌بدولغه‌فار، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند “پێش هه‌ڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو كارنامه‌ی پارتی بۆ چوار ساڵی ئایندهی په‌رله‌مانی عێراق دیاربووە، یه‌كه‌م كاری ئێمه جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره، به‌تایبه‌تی ئه‌و مادده و بڕگانه‌ی ده‌ستوور كه تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون، چونكه پارتی پێداگره له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، دواتر ئێمه چه‌ندین یاسامان هه‌یه پارتی ئاماده‌كاری بۆ كردووه، وه‌ك پێشنیاری پڕۆژه‌یاسا پێشكه‌شی په‌رله‌مانی بكات.”
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی ده‌شڵێت “ده‌ركردنی یاسایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ نه‌وت و غاز یه‌كێك له ئه‌وله‌ویه‌تی كاری فراكسیۆنی پارتی، چونكه چه‌ندین كێشه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غاز هەیە به یاسا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، هه‌روه‌ها هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن كه پێویسته ئەو یاسایه بۆ هه‌ڵبژاردن دهردەكرێت عه‌داله‌تی تێدا بێت، ئه‌و یاسایه‌ی ئێستا عه‌داله‌تی تێدا نیه و هه‌رێمی كوردستان زه‌ره‌ر مه‌نده.”
د.دانه‌ر عه‌بدولغه‌فار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد “هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دادگای فیدراڵی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای فیدراڵییش له كارنامه‌ی ئێمه‌دان، له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی به‌عس، ئێمه ئاماده‌كاری خۆمان كردووه، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار و دروستبوونی حكوومه‌ت پێشكه‌شی په‌رله‌مانیان ده‌كه‌ین.”
له‌باره‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان د.دانه‌ر عه‌بدولغه‌فار گوتی “بڕیاره حه‌فته‌ی داهاتوو لیژنه‌كانی په‌رله‌مان دیاری بكرێن، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، به دیاریكردنی لیژنه‌كان هێدی هێدی په‌رله‌مان ده‌كه‌وێته كار.”

































































