دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە پەیامێكی توندی ئاراستەی كوبا كرد بۆ رێككەوتن بەر لەوەی كار لەكار بترازێت.
ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ترەس سۆشیال) نووسیویەتی “چیتر نەوت و پارە بۆ كوبا – سفڕ! پێشنیاریان بۆ دەكەم رێككەوتن بكەن بەر لەوەی كار لەكار بترازێت”.
هەروەها نووسیویەتی “كوبا ماوەی چەندین ساڵ بوو لەسەر نەوت و پارەی كوبا دەژیا، لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە خزمەتگوزاری ئەمنی پێشكەش بە دوو دكتاتۆرەكەی رابردووی ڤەنزوێلا دەكرد”.
ترەمپ بەهەمانشێوە نووسیویەتی “ئەم كارە بۆ لەمەودوا پێویست ناكات، چونكە ئێستا ڤەنزوێلا پارێزراوە و لەژێر دەستی بەهێزترین سوپای جیهانە”.
چەند رۆژێك پێش ئێستاش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەهەمانشێوە هەڕەشەی توندی لە كوبا كردبوو و جەختی كردبووەوە كە “واشنتن رژێمی كوبای بەدڵ نییە”.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو: حكوومەتی كوبا كێشەی گەورەی دروست كردووە و ئێستا لە تەنگژەدایە، بۆیە نای شارینەوە كە ئێمە رژێمی ئەو وڵاتەمان بەدڵ نییە”.
رۆبیۆ ئەو قسانەی رۆژی یەكشەممەی هەفتەی رابردوو گوتبوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ویلایەتی فلۆریدا و رایگەیاندبوو: حكوومەتی كوبا لەلایەن چەند كەسێكی نەشارەزا و پیر و پەككەوتە بەڕێوەدەبرێت.
ئەوەشی گوتبوو كە “ئەگەر من بەرپرس و كاربەدەستێكی كوبا بام و ئێستا لە هاڤانا بوومایە، بەلایەنی كەم دەبوو هەست بە ترسێكی گەورە بكەم”.
چەند رۆژێك پێش ئێستا و بە دروستی لە سەرەتای ساڵی نوێ، هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا ئۆپەڕاسیۆنێكی تۆكمە و نهێنییان لە كۆشكی سەرۆكایەتی ڤەنزوێلا ئەنجام دا و تێیدا نیكۆلاس مادورۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەیان دەستگیركرد و رفاندیان.
رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردووش یەكەم پڕۆسەی دادگاییكردنی مادورۆ و هاوسەرەكەی لە دادگای فیدڕالی لە نیۆیۆڕك بەڕێوەچوو. دادگا تاوانی بازرگانیكردنی ماددەی هۆشبەر و چەك و تیرۆر و چەند تاوانێكی دیكەی خستە پاڵیان، بەڵام مادورۆ و هاوسەرەكەی سەرجەم تاوانەكانیان ڕەتكردەوە.






























































