بەڕێوبەری خۆسەر لە بارەی دواین ڕەوشی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات و دەڵیت ” لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو پێشێلکاری و تاوانەکان پێکبهێنن و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی بکەن”.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بەڕێوبەری خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند “ئەو کردەوانەی ئەنجام دەدرێن پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەوڕ ێکەوتنەی پێشتر کراوە و گەرەنتیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی مەدەنییەکانی تێدابوو، چ ئەوانەی ناچاربوون دەربچن و چ ئەوانەی لە ماڵەکانیان مانەوە”.
” بەڕێوبەرایەتی خۆسەر زیاتر روونی كردۆتەوە “پێشێلکاری و تاوانی جەنگ بەشێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە، حاڵەتی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، جنێودان، سووکایەتی و شکاندنی شکۆی هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمارکراون، کە دژی بەها مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانن”.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە “بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی بەردەوامیی پێشێلکارییە مەترسیدارەکان دەکەین کە دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا لە دیمەشق کە زۆر بەڵگە دەریدەخەن بەشێکیان چەکدارانی داعشن”.
لە کۆتایدا بەڕێوبەری خۆسەر دەڵێت “پشتگوێخستنی ئەم تاوانانە یان ئاشکرانەکردنیان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم پرسیارێکی گەورە سەبارەت بە پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ.”
































































