زارى کرمانجى
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دوای هەوڵێکی زۆر و بە نێوەندگیری لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی حەلەب، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد، ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ئاگربەست و دەرفەت دەدات بۆ گواستنەوەی شەهیدان، برینداران، هاووڵاتییانی مەدەنی گەمارۆدراو و هەروەها شەڕڤانان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەبەوە بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
مەزڵووم عەبدی لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە، پابەندی بەڵێنەکانیان بن لە ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و زەمینە خۆش بکەن بۆ گەڕانەوەی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لە کۆتاییدا عەبدی ستایشی بەرخۆدانی شەڕڤانان و دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی کردووە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کردووە.

































































