سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیەنراوێکی تونددا رایدەگەیەنێت کە، ئەمریکا و ئیسرائیل لەپشت ئاڵۆزییەکانی ئێرانن و هۆشدارییش دەدات، “بە توندی روبەڕوی هەر پیلانێک دەبینەوە.”
ئەمڕۆ شەممە ١٠/١/٢٠٢٦ سوپای ئێران لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە خۆپێشاندانی ناڕەزایی خەڵک، کە زۆربەی شارەکانی گرتووەتەوە، رایگەیاند، ئەمریکا بە ”پیلانێک”ی دیکە و بە پاڵپشتیی ئیسرائیل، دەیەوێت ئارامی و ئاسایشی گشتیی وڵاتەکە تێکبدات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سوپای ئێران لەژێر فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە، “بە هەستیارییەکی تەواوەوە چاودێریی جووڵەکانی دووژمن لە ناوچەکەدا دەکات و بە هێزەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، ژێرخانە ستراتیژییەکان و سامانی گشتی دەکات.”
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دەستیپێکرد، بەڵام بە خێرایی تەشەنەی سەند و زیاتر لە ١٠٠ شار لە سەرجەم ٣١ پارێزگاکەی ئێرانی گرتەوە.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی، لانیکەم کوژرانی ٦٥ کەس لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە.

































































