زاری كرمانجی – سۆران :
مامۆستایەكی ئایینی ڕەخنەی توند لە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت كە ئەو سۆزەی خەڵك بۆی هەبوو ڕاست دەرنەچوو، چونكە ئێستە هێرش دەكاتە سەر كوردانی سووریا و خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج، بۆیە داوای دوعا و پاڵپشتی بۆ كوردانی ڕۆژئاوا دەكات.
دوێنی هەینی 9ـی كانوونی دووەمی 2026، مەلا فكری سیتكانی مامۆستای ئایینی و وتارخوێن، لە پەیامێكدا سەبارەت بە دۆخی حەلەب و هێرشەكانی سەر گەڕەكە كوردییەكان ڕای گەیاند، ئەحمەد شەرع درۆ دەرچوو، بووەوە بە جۆلانییەكەی جاران و گورگە لە پێستی مەڕدا.
ئەو مامۆستا ئایینییە دەڵێت، ئەو شەڕەی لە سووریا سەری هەڵداوە لە نێوان چەكدارەكانی جۆلانی و كوردانی سووریا ڕوون و ئاشكرایە، ئەو گرووپە چەكدارانە وێنای سوپای سووریا ناكەن، چونكە ئەگەر سوپا بوونایە دەبوو ستایشی كوردیان كردبا و ڕێزیان لە خەباتیان گرتبا، نەك هێرش بكەنە سەر ژن و منداڵ و نەخۆشخانە و شوێنی نیشتەجێبوون.
مەلا فكری ئاماژەی بەوە داوە، نزیكەی 15 ساڵە كورد ئەمنییەت و پاراستنی ئەو سێ گەڕەكەی حەلەبی لە ئەستۆ گرتووە و شەڕی داعشی كردووە و ئێستەش بەرگری لە خۆی دەكات.
لە پەیامەكەدا هاتووە، ئێستە كورد لەو شەڕەدا مەزڵوومە و زاڵمیش گرووپە چەكدارەكانی جۆڵانین، بۆیە داوا لە هەر كوردێك دەكەم بە هەر جۆرێك بێت بە دوعا و نزا و پشتیوانی، پاڵپشتیی كوردانی سووریا بكەن.
لە كۆتاییدا ئەو مامۆستا ئایینییە نووسیویەتی، ئەو سۆز و عاتیفەیەی بۆ جۆڵانیتان هەبوو گوایە فریادڕەس بوو، بەداخەوە ڕاست دەرنەچوو.

































































