مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرەنسا لە ڕاگەیاندراوێكدا نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی دوو گەڕەكە كوردنشینەكەی حەلەب دەربڕی و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكات دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنی ئاگربەست .
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ شەممە 10ـى 1ـى 2026، ڕاگەیاندراوێكی لە سەر شەڕی نێوان حكومەتی عەرەبی سووریی و شەڕڤانانی كورد لە هەر دوو گەڕەكە كوردنشینەكەی حەلەب بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند “پێویستە ڕێگە بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆیییەكان خۆش بكرێت و پارێزگاری لە دانیشتووانی شارەكە بكرێت.”
هاوكات فەرەنسا داوا دەكات بە شێوەیەكی شكۆمەندانە ڕێگە بە شەڕڤانان بدرێت لە ناوچەكە بكشێنەوە.
پاریس لە ڕاگەیاندراوەكەی دا جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەگەڵ هاوبەشەكانی، بە تایبەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەردەوام دەبن لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ حەلەب، لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوو، خاوەن سەروەری و فرەییدا.































































